نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ نزیکەی ٧٣ دۆلار بەرزبووەوە

09/06/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمڕۆش نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە نزیکەی ٧٣ دۆلار، ئەوەش ھەمان نرخی پێش سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

زیادبوونی خواست لەسەر سوتەمەنی لە ئەوروپا و پێشبینییە ئەرێنییەکان بۆ داھاتووی بازاڕی نەوت و فراوانبوونی ھەڵمەتەکانی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا، کاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت لە جیھاندا دروستکردووە و بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بە جۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٧٢ دۆلار و ٨٣ سەنت و نەوتی سوکی تەکساسیش بە ٧٠ دۆلار و ٦٢ سەنت مامەڵەی پێوەکراوە.


شارەزایانی بازاڕی نەوت پێشبینی دەکەن، لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ، سەرەڕای بەرزکردنەوەی پلە بە پلەی ھەناردەکردن لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپێکەوە، بەڵام خواستی جیھان بۆ نەوت لە خستنەڕوو زیاتر دەبێت و پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ.