ریاڵ مەدرید دەیەوێت لە یاریگاکەی ئەتلەتیکۆ مەدریددا یاریی بکات

09/06/2021
یانەی ریاڵ مەدرید سانتیاگۆ بێرنابیۆ
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

یانەی ریاڵ مەدرید کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ درێژ دەکات و بەھۆیەوە گەڕانەوەیان بۆ یاریکردن لە ناو یاریگای خۆیان دوا دەکەوێت و رەنگە یارییەکانی وەرزی داھاتوویان لە یاریگای ئەتلەتیکۆ مەدرید ئەنجام بدەن .

بە پێی ھەواڵێکی سایتی مارکای ئیسپانی ، لەسەرەتای وەرزی داھاتووەوە یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا رێگە بە یانەکان دەدات ٢٠ بۆ ٣٠ ھەزار ھاندەر بگێڕنەوە نێو یاریگاکان .


یانەی ریاڵ مەدریدیش کە لە مانگی سێی ساڵی رابردووەوە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی نەکردووە و یارییەکانی وەرزی رابردووی لە یاریگای ئەلفرێدۆ دی ستیفانۆ ئەنجام دەدا ناتوانێت دەرگای ئەو یاریگایە بۆ ئەو رێژە زۆرەی ھاندەران بکاتەوە .


مارکا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئیدارەی ریاڵ مەدرید بیر لەوە دەکاتەوە یارییەکانی وەرزی داھاتووی لە ناو یاریگای واند میترۆپۆلیتانۆی تایبەت بە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی رکابەریان ئەنجام بدات تا ئەو کاتەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە تەواوی ئامادە دەبێت .


مارکا ئاماژە بەوەش دەکات کە پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان بەرپرسانی ئەتلەتیکۆ مەدرید و ریاڵ مەدریددا ھەیەو رەنگە ھەردوولا بگەنە رێککەوتن لەسەر ئەوەی لۆس بلانکۆس یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ بەکار بھێنێت
.