یەکەم تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمون لەناو سوپای ئەمریکا تۆمارکرا

11/06/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وتەبێژی فەرماندەیی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا ئاشکرایکرد، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمون لە ڕێزی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا تۆمار کراوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تووشبووەکە سەربازێکی سوپای ئەمریکایە لە بنکەی سەربازیی شتوتگارت لە ئەڵمانیا.

تۆڕی ھەواڵی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکا لە زاری وتەبێژی سوپای ئەمریکاوە لە ئەوروپا بڵاویکردەوە، دوای پشکنینی پێویست دەرکەوتووە ئەو سەربازەی ھێزەکانیان تووشی ئاوڵەی مەیمون بووە.

ئاماژەی بەوەشکردوو، دوای دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە، یەکەی تەندروستی سوپای ئەمریکا لە شتوتگارت، سەربازەکەی جیاکردووەتەوە و لە دەرەوەی بنکە سەربازییەکە چارەسەر وەردەگرێت.

باسی لەوەشکردووە، بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە و ھێزەکانی دیکە، ھەموو ئەو کەسانە لە یەکەیەکی تایبەت جیاکراونەتەوە، کە مامەڵە و تێکەڵاویان لەگەڵ ئەو سەربازە تووشبووەدا ھەبووە.