وەزارەتی کارەبا: بەشێوەیەکی پیشەی و زانستی و دادپەروەرانە کارەبا دابەش دەکەین

10/06/2022
وەزارەتی کارەبا
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی کارەبای ھەرێم لەبارەی دابەشکردنی رێژەی کارەبا بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، کارەبا بەشێوەیەکی پیشەیی و زانستی و دادپەروەرانە دابەش دەکرێت.

دوای ئەوەی نوسراوێکی رەسمی بڵاوکرایەوە کە تیایدا رێژەی کارەبا بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە کەمتر لە پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک دابین دەکرێت، وەزارەتی کارەبای ھەرێم رایگەیاند، وەزارەت ڕەچاوی ھەموو تێبینی و سەرنجەکانی کردووە لە جیاوازی پلەکانی گەرما و ھەر حاڵەتێکی دیکە کە ھەبووبێت.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ٥٠ مێگاوات کارەبا لە سەروو پشکی سلێمانی بۆ ئەو پارێزگایە دابینکراوە تاکو لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران یەکلا بکرێتەوە، ھەروەھا بۆ پشکی کارەبای گەرمیانیش بە ڕەچاوکردنی بەرزی پلەکانی گەرمای ناوچەکە، پشکیان لە رێژەی ٤.١% لە تێستەکە کراوەتە ٤.٧%.