بایدن: پشتیوانی تەواوی وەرگرتنی فینلەندا و سوید لە ناتۆ دەکەین

18/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ بەئەندامبوونی فینلەندا و سوید لە ناتۆ دەربڕی و رایگەیاند، وەرگرتنی ئەم دوو وڵاتە ناتۆ بەھێزتر دەکەن.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ بەئەندامبوونی فینلەندا و سوید لە رێکخراوی ناتۆ دەربڕی و وتی، بە تەواوی پشتیوانی وەرگرتنی ھەردوو وڵاتەکە دەکەن و پێیان وایە ھاتنی ئەم دوو وڵاتە بۆ ناتۆ ستراتیژی بەرگریی رێکخراوەکەیان بەھێزتر دەکات.

بایدن باسی لەوەش کردووە، لەگەڵ فینلەندا و سوید ھەماھەنگی دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر ھەڕەشەیەک و لە ئێستاشدا لەگەڵ کۆنگرێسی وڵاتەکەی و وڵاتانی ناو ناتۆ کار دەکات تاکو لە نزیکترین کاتدا داواکاریی ھەردوو وڵاتەکە پەسەند بکرێت.

دوای ئەوەی فینلەندا و سوید بۆ رزگاربوون لە ھەر ئەگەرێکی ھێرشی روسیا بۆ سەریان، داواکاریی بەئەندامبوونیان لە ناتۆ خستەڕوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، تاکو ئەم دوو وڵاتە دەست لە پشتیوانی پەکەکە ھەڵنەگرن ئەنقەرە ئامادە نییە بە بەڵی دەنگ بە ئەندامبوونیان بدات.