ھاتووچۆی سلێمانی لەبارەی تابلۆی نوێ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

18/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی لەبارەی تابلۆی نوێ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند بە ھۆی سیستەمی پێدانی تابلۆی ستانداری یەکگرتووی نوێ قەرەباڵغییەکی زۆر لە بەڕێوەبەراییەتییەکانی ھاتووچۆ لە ھەرێمی کوردستان دروستبووە.

ھاتووچۆی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت گۆڕینی تابلۆی کۆن بە تابلۆی نوێ بە زۆرەملێ نیە بۆ ئەوانەی کە ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بەسەر نەچووە و تا کۆتایی ھاتنی ساڵانەی ئۆتۆمبێل، شۆفێر یاخوود خاوەنی ئۆتۆمبێل سەر پشک کراوە لە گۆڕێنی تابلۆ نوێیەکە.

 دەشڵێت لە ئێستادا ھاوڵاتییەکی زۆر بەر لە دەستپێکردنی دەوامی رەسمی  نۆرە دەبەستن بۆ بە دەست ھێنانی تابلۆی نوێ کە زۆریان نە ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکانیان  بەسەرچووە  و نە کاری کڕین و فرۆشتنیان بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان کردووە.

راشیگەیاند، بەھۆی ژمارەی زۆری ئەو ھاوڵاتییانەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکەن قەرباڵغی و جەنجاڵی و لۆد دروستبووە.

ھاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، " چەندین کۆبونەوەمان ئەنجام داوە وە بە زووترین کات ژمارەی ئەفسەر و کارمەندی زیاتر دابین دەکەین و بە تایەبەتی بۆ بەشی تۆمار و  پشکنین و گۆرینی تابلۆ و لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو بە بەرنامە و پلانێکی نوێ کارەکان ڕای دەکەین وە  ئەمڕۆش تا سەعات  ٤ی ئێوارە بەردەوام کار بۆ ھاوڵاتیان کراوە سەرەرای کۆتای ھاتنی دەوامی رەسمیمان."