تورکیا ڤیتۆی بەکارھێنا لەدژی بەئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ

18/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

تورکیا ڤیتۆی لە دژی بەئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ بەکارھێنا و رێگری لە ئەنجوومەنی ناتۆ کرد رێکارەکانی بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە دەستپێبکات.

سوید و فینلاند پێشتر بەفەرمی داواکاریی بوون بە ئەندامیان لە رێکخراوی ناتۆ پێشکێشکردبوو، بەڵام بەھۆی ڤیتۆی تورکیا کارکردن لەسەر داواکارییەکەیان وەستاوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، تاوەکو فینلاند و سوید ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رادەست نەکەن، پشتگیریان ناکەن بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ.

ئەمڕۆ، ئەردۆغان ڕایگەیاند، با سوید و فینلاند سەردانی تورکیا نەکەن بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی، چونکە پشتگیریان ناکەن بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ تاوەکو ئەندامەکانی پەکەکە رادەست نەکەن.

ئەردۆغان لە پەرلەمانی تورکیا بە پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری وتووە "ئێمە ئێمە سنوورەکانمان لە ھێرشە چەکدارییەکان دەپارێزین."

ئەردۆغان وتی ھاوپەیمانانی ناتۆ ھەرگیز پشتیوانی تورکیای نەکردووە لە شەڕی دژی پەکەکە و یەپەگە، دەشڵێت "فراوانبوونی ناتۆ تەنیا بۆ ئێمە مانادارە بەڕێژەی ئەو ڕێزگرتنەی کە بۆ ھەستیارییەکانمان نیشان دەدرێت."

تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی تورکی تی ئاڕ تی ھابەر ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە سوید و فینلاند ڕەزامەندییان بۆ گەڕاندنەوەی ٣٣ کەس نەداوە کە تورکیا داوای کردبوو.