وەزیری تەندروستی ھەرێم چەند زانیارییەکان لەبارەی تای خوێنبەربوون ئاشکرادەکات

18/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد حاڵەتێکی تری گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون لە زاخۆ دەستنیشانکراوە و راشیگەیاند، وەزارەتی تەندروستی چەندین رێکاری گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ھەریمی کوردستان رایگەیاند، حالەتێکی تری گومانلێکراوی دانیشتووی شەنگال لەشاری زاخۆ دەستنیشانکراوە و رەوانەی شاری دھۆک کراوە، بەھۆی بوونی پێشینەی سەربڕینی ئاژەڵ و نیشانەکانی خوێنبەربوون لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، تا ڕادەیەک باری تەندروستی جێگیرە و چارەسەرکردنی بەردەوامە، وێڕای بوونی حالەتێکی پشتڕاستکراوەی پێشووی شاری ھەولێر کە دوای وەرگرتنی چارەسەری تەواو و ڕێکاری پێویست ڕەوانەی ماڵەوە کراوە.

وتیشی، تای خوێنبەربوون نەخۆشیەکی نوێ نیە، نەخۆشیەکی ھاوبەشی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤە، دەگوازرێتەوە، بە یەکێک لە نەخۆشیە مەترسیدارەکان دادەنرێت بەھۆی زۆری ڕێژەی پەککەوتن و مردن لەنێو تووشبوواندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە تووشبوون و بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی تای خوێنبەربوون وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین ڕێکاری دەست پێکردووە بۆ پاراستنی ھاوڵاتیان.

وەزیری تەندروستی راشیگەیاند، ڕێژە و ژمارەی تووشبووان دەوەستێتە سەر بەرنامەی دۆزینەوەی حالەتەکان لەلایەن تیمەکانی تەندروستی کە بە قۆناغێکی گرنگی کۆنتڕۆڵکردن دادەنرێت و ڕۆژانە ئەم پڕۆسەیە ئەنجام دەدرێت و گومانلێکراوان دەدۆزرێنەوە و نمونەی پشکنین وەردەگیرێت، دوای پشکنینی تاقیگەیی و دڵنیابوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕادەگەیەنرێت.