وەزیری ژینگەی عێراق: بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە

18/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

جاسم فەلاحی، وەزیری ژینگەی عێراق ایگەیاند، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە، بە تایبەت دوای ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی ئەمساڵ عێراقی گرتەوە.

وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، نەبوونی سەوزایی و دەستدرێژی بۆ سەر ناوچە سەوزاییەکان، ھۆکارن بۆ زیادبوونی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا.

وتیشی، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە و بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکومەتیش بۆ ڕێگرتن لە گۆڕینی زەوی کشتوکاڵی بۆ نیشتەجێبوون یان وەبەرھێنان، بۆ ڕاگرتنی کەمکردنەوەی ڕووبەری سەوزاییە لە وڵات.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زنجیرەیەک شەپۆلی یەک لە دوای یەکی خۆڵبارین عێراق و ھەرێمی کوردستانیان گرتەوە و بەھۆیانەوە ھەزاران کەس ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کران، لە شاری بەغدادیش کەسێک بەھۆی کاریگەرییەکانی خۆڵبارینەوە گیانی لە دەستدا.