لە سلێمانی وەفدێکی باڵای یەکێتی لەگەڵ گۆڕان کۆبووەوە

17/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەفدێکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد لە سلێمانی، و لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی کۆبوونەوە.

وەفدی باڵای یەکێتی و ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆیان کرد لەبارەی رەوشی سیاسی ھەرێمی کوردستان و عێراق، ژیان و گوزەرانی دژواری ھاوڵاتیانی کوردستان و مووچەخۆران.

لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕاندا ھاتووە، "ھەردوولا جەختیانکردەوە دۆخی چەقبەستوی سیاسی نێوان لایەنەکان، پێشھاتێکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی یەکریزی نیشتمانی و تەبایی سیاسی نێوان لایەنەکان و پرۆسەی سیاسی ھەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە."

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ھەردولا جەختیانکردەوە لەوەی کە "دەبێت ئەو بەربەستانەی کە لەبەردەم لێکنزیک بوونەوەی لایەنەکانە لاببرێن."

ھەر بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە باس لەوەش کراوە کە "پرسی ھەمووارکردنەوەی یاسایی ھەڵبژاردنەکان کە  بۆتە خواستێکی جەماوەری و گشتگیر لەسەرانسەری ھەرێمی کوردستاندا، ھەڵوێستی ھاوبەشی نیشتیمانی بۆ گەڵاڵە بکرێت و دەستکەوتەکان بپارێزین."