ئەندامێکی داواکاری گشتی: چەندین تۆمەتبار ھەن لەلایەن بەرپرسەوە داڵدەدراون

17/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەندامێکی داواکاری گشتی دەڵێت لە ھەرێمی کوردستان چەندین تۆمەتبار ھەن بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە بەڵام بەھۆی ئەوەی لەلایەن بەرپرسانەوە داڵدە دەدرێن ناتوانرێت ڕاپێچی دادگا بکرێن.

ماجید تاھیر، ئەندامی داواکاری گشتی لە بەرنامەی فایل و دیاردە ڕایگەیاند لایەنە پەیوەندیدارەکان ھاوکار نین بۆ دەستگیرکردنی داواکراوەکان و کێشەی ھەرە سەرەکی دادگاکان جێبەجێنەکردنی بڕیاری دەستگیرکردنە.

ئەو ئەندامەی داواکاری گشتی راشیگەیاند، ٥ تۆمەتباری زۆر ترسناک ھەن لە دەرەوەی ھەرێمن و لە دەیان تاوان تێوەگلاون و داواکراون، پۆلیسی ئینتەرپولیش ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام بەغدا ھاوکار نییە بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە و بدرێن بە دادگا.

بە وتەی ماجید تاھیر، کە سەرپەرشتیاری نوسینگەی لێکۆڵینەوەی تاوانی گشتی دەکات لە ھەولێر، لەدوای دامەزراندنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، چەندین داواکراو دەستگیرکراون.

ماجید تاھیر رایگەیاند، لەدوای دامەزراندنی ژووری ئۆپەراسیۆنەوە بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان، لەکۆی ١٧٨ کەیس کە لەلایەن نوسینگەی لێکۆڵینەوەی تاوانەوە تۆمارکراوە، ٧٨ کەیس یەکلاکراونەتەوە.

دەشڵێت ١٩ پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە داواکراون، بەڵام وەزارەتەکە و لایەنی پەیوەندیدار ھاوکار نەبوون بۆ رادەستکردنیان.

لە سەرەتای ئەم مانگە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی پێکھێنا بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لەلایەن دادگاکانی ھەرێمی کوردستانەوە داواکراون، کە ژمارەیان پێنج ھەزار و ٩٢٠ داواکراوە و بەپێی وتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیە، تا ئێستا ٤٧٠ کەسیان دەستگیرکراون.