لیژنەیەک لەسەر گرفتە داراییەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە پێکدەھێنرێت

17/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کورتھێنان و گرفتە داراییەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین، لەگەڵ پارێزگارەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و سەرپەرشتیاری ھەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین کۆبوونەوە.

لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا ھاتووە، بڕیاردرا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە کەسانی پسپۆڕ وشارەزا لە ھەردوو وەزارەتی دارایی وئابووری وناوخۆ بۆ بەدواداچوونی ڕاستیەکان سەبارەت بە داھاتە گشتییەکان وگەیشتن بە ڕاست ودروستی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەکرێن.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا "بڕیاردرا پێدانی شایستەی مووچەخۆران ئەولەویەت بێت و پێش ھەر خەرجیەکی دیکە بێت و ئەو کورتھێنانەی ھەیە پڕ بکرێتەوە."
 
حکومەتی ھەرێمی کوردستان جەختیکردەوە لەوەی چارەسەرکردنی گرفتەکانی مووچە و بژێوی ھاوڵاتییان ئەرکی لەپێشینەی حکومەتە و دەبێت حکومەت بەیەک چاو سەیری ھەموو ناوچەکان بکات.

لە بەشێکی دیکە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا ھاتووە، "ئەرک وبەرپرسیارێتی کابینەکەشە، چارەسەری کێشەی کورتھێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە بکات لە ھەر پارێزگا وناوچەیەکی ھەرێم بێت."

لە کۆبوونەوەکەدا "بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی وئابووری بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجی مووچە لە پێش ھەر خەرجیەکی دیکە، دابینکردنی پارەی پێویست بۆ تەواو کردنی بودجەی پێویستی ئەم مانگە و لە ھەمانکاتدا لە کۆبونەوەکە بڕیاردرا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە کەسانی پسپۆڕ وشارەزا."