شاناز ئیبراھیم ئەحمەد پیرۆزبایی و پشتیوانی لە بۆکان جاف دەکات

17/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بانگھێشتی بۆکان جاف، ئەو گەنجە کوردەی کرد کە شێوەزاری سۆرانی کوردی بۆ بەشی وەرگێڕی گووگڵ زیاد کرد.


نووسینگەی تایبەتی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد بڵاویکردەوە، "خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لەو دیدارەیدا پیرۆزبایی لە بۆکان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی پرۆژەکەی و بە مایەی شانازی ھەمووانی ناوبرد."

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ستایشی ھەوڵەکانی بۆکان جافی کرد کە کە دوای چەندین ساڵ کارکردن کۆڵینەداوە تاپرۆژەکەی گەیشتۆتە ئامانج و سەرکەوتوو بوە، لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی خۆی بۆ پرۆژە و کارەکانی دووپاتکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەی تایبەتی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ھاتووە، " بۆکان جاف سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانی و بەسەرکردنەوە و ھەڵوێستی دڵسۆزانەی خاتوو شاناز دەربڕی و رایگەیاند: پاڵپشتیەکانت ھاندەرێکی زۆرباش دەبێت تاوەکو بتوانین وەک گەنجان لەو پرۆژە و بیرۆکانەی ھەمانە بەردەوامبین و ئەنجامی دڵخۆشکەر بەدەستبھێنین."

رۆژی شەممە کۆمپانیای گۆگڵ لەبەشی وەرگێڕانی زمانە جیھانییەکان بەرەسمی زیادکردنی زمانی کوردی سۆرانی لەکۆنفراسی ساڵانەی خۆیدا راگەیاند، ئەوەش بەرھەمی گەنجێکی دانیشتووی شاری ھەڵەبجەیە کەماوەی حەوت ساڵە بەردەوام کار بۆ ئەو پرسە دەکات.

بۆکان حەسەن دەڵێت، بۆ ھەنگاوەکانی داھاتوو پێوستی بە حکومەتی ھەرێمە ھاوکاری بێت. زمانی کوردی سۆرانی لەگەڵ ٢٣ زمانی تردا دوای جێگیرکردنیان لە دەرئەنجامی ئەو ھەڵسەنگاندنەی کۆمپانیای گۆگڵ بوو کە لەناو ١٢٧ زمانی جیھاندا لەکۆتاییدا بڕیاری لەسەردرا.