پێنج مانگە پارەی سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە خەرج نەکراوە

17/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دەستەی داکۆکیکاران لە نەخۆشخانەی ھیوا، کێشە و گرفتەکانی نەخۆشخانەی ھیوای تایبەت بە چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە، ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، پێنج مانگە پارەی سندوقی کۆمەک بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە خەرجنەکراوە.

دەستەی داکۆکیکاران لە نەخۆشخانەی ھیوا، لە یاداشتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، نەخۆشخانەی ھیوا گرفتی پارەی پێویستی ھەیە، کە پێنج مانگە پارەی سندوقی کۆمەک بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە خەرجنەکراوە و بەشێک لە ئامێرەکانیش بەھۆی زۆری فشارەکەوە کێشەیان بۆ دروستبووە.

ھاوکات، د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ھیوا ڕایگەیاند، ئامارەکانی شێرپەنجە لە سلێمانی و ھەموو ھەرێمی کوردستان، بەراورد بە ١٠ ساڵی ڕابردوو، سێ ھێندە زیادیانکردووە.

وتیشی، شەش مانگە ھاوار بۆ نەمانی دەرمانی شێرپەنجە و نەبوونی پارە دەکەن، بەڵام وەڵامێکی ڕاست و بوێرانەیان وەرنەگرتووە.

ئاشکراشیکرد، لە ڕێگەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمەوە، یاداشتێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە.