کەشناسیی عێراق: خۆڵبارین لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە کەم دەبێتەوە

17/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەھۆی خۆڵبارینەوە لە چەند پارێزگایەکی عێراق پشووی ڕەسمی ڕاگەیاندرا، تاقیکردنەوەکانیش دواخران، کەشناسیی عێراقیش دەڵێت، خۆڵبارین لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە کەم دەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە لە ھەر یەکە لە پارێزگاکانی بەسڕە، زیقار، واست، موسەننا و ئەنبار، بەھۆی بەردەوامی شەپۆل و کاریگەرییەکانی خۆڵبارین، پشووی ڕەسمی ڕاگەیاندرا، لە بەغداد و کەربەلا و بابلیش لە خوێندنگەکان کرایە پشوو، لە پارێزگای نەجەف و سەڵاحەدینیش تاقیکردنەوەکانی ئەمڕۆ بۆ ڕۆژی چوارشەممە دواخران.

ھاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق ڕایگەیاند، بەھۆی مەترسیەکانی خۆڵبارینەوە، تاقیکردنەوەکانی ئەمڕۆیان لە سەرجەم پەیمانگە و زانکۆ حکومی و ناحکومییەکان دواخستووە.

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەربەلاش لە بارەی ئەو کەسانەی بەھۆی خۆڵبارینەوە تەنگەنەفەس بوون ڕایگەیاند، ٢٩٨ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون، کە ٥٨ کەسیان منداڵن.

لەبارەی بەردەوامی شەپۆلی خۆڵبارین، عامر جابری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند، خۆڵبارین قۆناغ بە قۆناغ لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە کەم دەبێتەوە.