مەکتەبی سیاسی یەکێتی پیرۆزبای لە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەکات
کوردسات نیوز
لە ڕاگەیەندراوێکدا مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پیرۆزبای خۆی بۆ یادی ٦٠ ساڵەی دامەزراندی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
لە یادی ٦٠ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستاندا، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی تەواوی ئەندامان و خێزانی پەروەردەیی دەکەین.
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان وەک فێرگەیەک بۆ گەشەپێدانی پەروەردە و زانست و فێرکردن ڕۆڵی گەورە و پێشڕەوی بینیوە لە گۆشکردن و قووڵکردنەوەی ھزری بەرزی کوردایەتی و پەروەردەی تەندروست و زانستی سەردەمدا.
لەم بارودۆخەی ئێستاشدا، ئەوە لە رێکخراوەکەتان چاوەڕوان دەکەین بەھەمان گیانی بەرزەوە بەردەوام بن لە خزمەتی مامۆستایان و ناوەندەکانی خوێندن. ھەروەک پێویستە وەک رێکخراوێکی پیشەیی و مەدەنی نوێنەرایەتی راستەقینەی مامۆستایان بکەن و لەسەنگەر و بەرەی ئەواندابن و لە رێگەی فشاری مەدەنییەوە داخوازی و پێداویستییەکانی مامۆستایان دەستەبەر بکەن، تا لەو رێگەیەوە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن زیاتر بەرەو پێشەوە بەرن.
لە کۆتاییدا سڵاو بۆ گشت ئەو مامۆستایانە دەنێرین کە تەمەنێکیان لە خزمەتکردنی فێرکردن و پەروەردە و زانستدا بینیوە و نەوەیەکی خوێندەواری پێشکەوتوخوازیان پێگەیاندووە.
|