خەڵکی ئەفغانستان ترسیان لە گەشەکردنی تیرۆر لە وڵاتەکەیان ھەیە

27/04/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

مانگی داھاتوو ئەمریکا پڕۆسەی کشانەوەی تەواوەتی ھێزەکانی لە ئەفغانستان دەستپێدەکات، لە ئێستاشەوە مەترسی گەشەکردنی گرووپە تیرۆرستییەکانی وەک "داعش و تاڵیبان" سەریھەڵداوە و خەڵکی ئەو وڵاتە ترسیان ھەیە لە داھاتووی خۆیان و منداڵەکانیان.

زیاتر لە ٢٠ ساڵە بەھۆی شەڕ و تیرۆرەوە ڕەوشی ئەمنی ئەفغانستان ناسەقامگیرە و دیمەنی پاشماوەی تەقینەوەکان، ئاماژەی ڕوونن بۆ مەترسییەکانی تیرۆر و شاھیدی بۆ ترسی خەڵک دەدەن، لێرە خەڵکی بە جۆرێک ترسیان لێنیشتووە، تەنانەت گوومانیان لە ھاوڕێکانی خۆشیان ھەیە.


لە لایەکی تریشەوە ئەمریکا و ناتۆ، ھەزاران سەربازییان ڕەوانەی ئەفغانستان کردووە و ملیاران دۆلاریان بۆ کۆتاییھێنان بە تیرۆر خەرجکردووە، ناو بە ناویش چالاکی سەربازی ئەنجامدەدەن لەو شوێنانەی گومانی بوونی حەشارگەی تیرۆرستانیان لێدەکرێت، بەڵام تا ئێستا تیرۆر لە ئەفغانستان بنبڕنەکراوە.


خەڵکی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان، گومانیان لە توانای سەربازی وڵاتەکەیان ھەیە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەڵێت بە کشانەوەی ئەمریکا ھیچ پاڵپشتییەکی نامێنێت.


دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، ئەمریکا ھێزی ڕەوانەی ئەفغانستان کرد، دوای ٢٠ ساڵ مانەوە بە بڕیاری جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکی ئایارەوە تا ١١ی سێپتەمبەری ئەمساڵ، تەواوی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان دەکشێتەوە.