بڕی داھات و ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ مانگی نیسان بڵاوکرایەوە

01/05/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی داھات و ڕیژەی ھەناردەکردنی بۆ مانگی ڕابردوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند لە مانگی نیساندا زیاتر لە سەد ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراقەوە ھەناردەی دەرەوە کراوە کە کۆی داھاتەکەی گەیشتوەتە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت بە پشتبەستن بە راپۆرتە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای بەرھەمھێنانی نەوتی عێراق (سۆمۆ) مانگی ڕابردوو  ١٠١ ملیۆن و ٣٩٠ ھەزار و ٦٠٢ بەرمیل نەوتی عێراق ھەناردەی دەرەوە کراوە و بە گشتی داھاتەکەی ١٠.٥٥ ملیار دۆلاربوە.

لەو مانگەدا بڕی رۆژانەی بەرھەمی نەوت ٣ ملیۆن و ٣٨٠ و ھەشتا ھەزار بەرمیل بووە، و نرخی تێکڕای ھەر بەرمیلێکیش ١٠٤.٠٩١  بووە.

لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە بڕی ٩ ملیۆن و ٨١٠ ھەزار و ٤٢ بەرمیل نەوت بۆ ھەناردەکردن بەرھەمھاتووە، بەرھەمی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکیش بۆ ھەناردەکردن بریتیبووە لە ٢ ملیۆن و ٩٩١ ھەزار و ٦٩ بەرمیل.

لە راپۆرتەکەیدا، وەزارەتی نەوتی عێراق بە ھیچ شێوەیەک باسی نەوتی ھەرێم و بڕی و ھەناردەکەی نەکردووە.