لێپرسراوانی تورکیا داوا دەکەن ھێرش بکرێتە سەر ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا

27/04/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە بەرامبەر بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە لایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، پارتی نیشتمانی چەپ لە تورکیا داوا دەکات وڵاتەکەی دان بە دوورگەی کریما وەک بەشێک لە خاکی ڕووسیا بنێت و ھەماھەنگی سەربازیش لەگەڵ حکومەتی سوریا بکات بۆ لەناوبردنی ھێزە کوردییەکان لە سوریا.

نیگەرانی لێپرسراوانی تورکیا لە بارەی بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە تا دێت زیاتر دەبێت و (ئورگور بورساڵی) ئەمینداری گشتی پارتی نیشتمان کە پارتێکی چەپی تورکیا، لە میانەی گردبوونەوەیەکی حزبەکەی لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە، داوای لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کرد، ھەردوو بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک و کوراجیک کە لەلایەن سەربازانی ئەمریکاوە بەکاردەھێنرێن دابخرێن.


وتیشی، پێویستە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان لەگەڵ ڕووسیا و ئێران و ئازەربایجان چڕبکرێنەوە لە پێناو داننانی ھاوبەش بە کۆماری تورکیا لە باکوری قوربرس و نیمچە دوورگەی کریما وەک بەشێک لە ڕووسیا، ئەمینداری گشتی پارتی نیشتمان داواشیکرد، ھەماھەنگی سەربازی لەگەڵ حکومەتی سوریا بکرێت بۆ لەناوبردنی پارتی کرێکارانی کوردستان وەک بەشێک لە ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنور لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا.


ھەروەھا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ھۆشداری داوە لە کاریگەری وێرانکەری داننانی ئەمریکا بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان لەسەر پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات. ڕاشیگەیاند،  لێدوانەکەی بایدن ھیچ بنەمایەکی نیە و پێچەوانەی حەقیقەتە.


ئاژانسی بلومبێرگیش لە زاری بەرپرسانی تورکیاوە بڵاویکردەوە، ئەنقەرە بە نیازە ڕێککەوتنی ھەماھەنگی سەربازی و ئابوری کە لە ساڵی ١٩٨٠ەوە لە نێوان ھەردوو وڵات ئیمزاکراوە سڕ بکات، لە ھەنگاوێکی تریشدا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی ھێزە کوردییەکانی ھاوپەیمانی ئەمریکا لە سوریا زیاتر بکات.


ڕۆژی شەممەی ڕابردوو جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە یادی ١٠٦ ساڵەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و کۆمەڵکوژییەکەی بە جینۆساید ناساند، ئەو ھەڵوێستەش پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵاتی ھێندەی تر ئاڵۆزکرد.