یەکەم گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە بابل راگەیەندرا

29/04/2022
ئەو زیندەوەرەی کە دەبێتە هۆی گواستنەوەی تای خوێنبەر بوون یان خود تای کۆنگۆیی.
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە پارێزگای بابل یەکەم حاڵەتی گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربوون راگەیەندرا، لە پارێزگای زیقاریش ھەڵمەتێک بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە دەستیپێکرد.

وسام ئەسڵان جبوری سەرۆکی شانەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای بابل ڕایگەیاند، دوای دەستنیشانکردنی چوار حاڵەتی گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون، سێ حاڵەتییان نێگەتیڤ بوون و حالەتێکیشیان پۆزەتیڤ بووە و لە نەخۆشخانەی مەرجان گیانی لەدەستداوە.

لە پارێزگای زیقاریش شانەی بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون پێکھێنراو ھەڵمەتێکی فراوان بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە دەستیپێکرد.

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. لەماوەی ڕابردووشدا چەندین حاڵەتی نەخۆشییەکە لە عێراق تۆمارکراوە، ھاوکات وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمیش بۆ رێگری لە سەرھەڵدانی نەخۆشییەکە کۆمەڵێک رێوشوێنی گرتۆتەبەر.

تای خوێنبەربوون کە بە تای کۆنگۆ یاخود تای کرایمیا ناسراوە نەخۆشیەکی گوازراوەیە و نیشانەکانی پاش دوو هەفتە لە توش بوون دەردەکەون.