ئەڵمانیا ڕەزامەندی دەربڕی بە دراوی ڕووسی غاز لە مۆسکۆ بکڕێت

28/04/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەڵمانیا ڕەزامەندی دەربڕی بە دراوی ڕووسی غاز لەو وڵاتە بکڕێت و پەرلەمانی ئەو وڵاتەش پێشنیاری گەیاندنی چەکی قورس و کەرەستەی سەربازی بە ئۆکراین پەسەندکرد.

وتەبێژی کۆمپانیای یونیبەر کە گەورەترین کۆمپانیای ھاوردەکاری غازی ڕووسییە بۆ ئەڵمانیا ڕایگەیاند، بە پێی ئەو میکانیزمەی مۆسکۆ دیاری کردووە، بەردەوامیی دەدەن بە ھاوردەکردنی غازی ڕووسی بۆ ئەڵمانیا و بە دراوی ڕووسی "ڕوبڵ" غازەکە دەکڕن.

وتیشی، ڕاستەوخۆ پارەکە دەنێرنە بانکی ڕووسیا نەک ئەوروپا، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ڕووسیا بڕیاریدا بە بڕینی غازی بولگاریا و پۆڵەندا، ئەوەش بەھۆی ئەوەی ئەو دوو وڵاتە ڕەتیانکردەوە بە ڕوبڵ پارەی غازەکە بدەن.

لەلایەکی تریشەوە پەرلەمانی ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێشنیاری پشتگیریکردنی ئۆکراین و گەیاندنی چەکی قورس و کەرەستەی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە و ٥٨٦ پەرلەمانتار دەنگیان لەسەر پێشنیارەکەدا.