لاڤرۆڤ: مەترسییەکانی سەرھەڵدانی جەنگی ئەتۆمی جدیین

26/04/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، مەترسیی سەرھەڵدانی جەنگی ئەتۆمی جدییە و ھەندێک لایەن بە ئەنقەست ئەو مەترسییە زیاتر دەکەن.

لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە کانوونی دووەمی ڕابردوودا، پێنج وڵاتە ئەتۆمییەکە دووپاتیان کردەوە کە نابێت ڕێگە بدرێت جەنگی ئەتۆمی سەر ھەڵبدات، ئەوە ھەڵوێستی ڕووسیاشە، بەڵام لەم کاتەدا مەترسییەکی جدی و ڕاستەقینەی سەرھەڵدانی جەنگی ئەتۆمی ھەیە و نابێت بە کەمی سەیر بکرێت، ھەندێک لایەنیش بە ئەنقەست دەیانەوێت مەترسییەکان گەورەتر بکەن.

ئەوە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکراین، تا ئێستا چەند جارێک ئەمریکا ھۆشداری داوە لەوەی ڕووسیا چەکی ئەتۆم لەو جەنگەدا بەکاربھێنێت، بەڵام مۆسکۆ ڕەتیکردووەتەوە نیازێکی لەو جۆرەی ھەبێت.