کۆمپانیای شێڵ پشکەکانی لە پڕۆژەی غازی روسی دەفرۆشێت

22/04/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

کۆمپانیای شێڵی بەریتانی پشکەکانی لە پڕۆژەی غازی روسی دەفرۆشێت و نیازی وایە لەگەڵ چین مامەڵەیەکی نوێ بۆ فرۆشتنی پشکەکانی ئەنجام بدات.

بەپێی ھەواڵێکی رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، کۆمپانیای شێڵ لەگەڵ کۆمپانیا حکومییەکانی چین گفتوگۆی کردووە بۆ فرۆشتنی پشکەکانی خۆی لە پڕۆژەی غازی روسی ساخالین٢.

 بەپێی ھەواڵی رۆژنامەکە ٢٧.٥٪ی پشکەکانی پڕۆژە روسییەکە ھی کۆمپانیای شێڵە و کۆمپانیاکەش رایگەیاندووە، جگە لە کۆمپانیا چینییەکان ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ ھەر کۆمپانیایەکی دیکەی جیھانیدا بکات.

پێشتر کۆمپانیای شێڵی بەریتانی رایگەیاند، بەھۆی سزاکانی سەر روسیا و کشانەوەیان لەو وڵاتە، پێنج ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە.

ساخالین-٢ بریتییە لە پڕۆژەی گەشەپێدانی نەوت و غازی سروشتی لە دوورگەی ساخالینی روسیا لەسەر دەریای ئۆخۆتسک، پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ساخالینی روسی بۆ وەبەرھێنانی وزە سەرپەرشتی دەکرێت و یەکەم وێستگەی غازی سروشتییە لە نێوخۆی روسیا.