یەکێتیی ئەوروپا سکاڵای لەسەر کۆمپانیای ئەسترازینکا تۆمارکرد

27/04/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لەسەر پابەندنەبوون بە گرێبەستی نێوانیان، یەکێتیی ئەوروپا سکاڵای یاسایی لەسەر کۆمپانیای بەرھەمھێنی ڤاکسینی ئەسترازینکای تۆمار دەکات.

(ستیفان دی کیرسمەیکەر) وتەبێژی کۆمسیۆنی ئەوروپا ڕایگەیاند برۆکسل سکاڵای یاسایی لەسەر ئەسترازینکا تۆمارکردووە، بەو پێیەی کۆمپانیاکە پابەندنەبووە لە ڕادەستکردنی ئەو بڕە ڤاکسینەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.


ئەسترازینکا و یەکێتیی ئەوروپا پێکھاتوون لەسەر ڕادەستکردنی ٣٠٠ ملیۆن دۆز لە ڤاکسینەکە و بۆ داھاتوش لەسەر ١٠٠ ملیۆن دۆزی تر، بەڵام تا ئێستا تەنھا ٣٠ ملیۆن دۆز لە ڤاکسینەکە ڕادەستکراوە و کۆمپانیاکەش دەڵێت دەتوانێت تەنھا ٧٠ ملیۆن دۆزی تر لە ڤاکسینەکە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دابین بکات.


ئەوەش لە کاتێکدایە کە تەشەنەسەندنەوەی ڤایرۆسەکە وڵاتانی ئەوروپای نیگەران کردووە، لە کاتێکدا وڵاتانی ئەوروپا بە شێوەیەکی سەرەکی پشتیان بە ڤاکسینی ئەسترازینکا بەستووە بۆ کوتانی ھاوڵاتیەکانیان و دابینکردنی ڤاکسین بۆ وڵاتانی ھەژاری جیھان و سستیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە ئەوروپیەکانی نیگەران کردووە.


وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا کە تێکڕا ژمارەی دانیشتوانەکەیان ٤٥٠ ملیۆن کەس دەبێت، لە بەرنامەیاندایە تا کۆتایی وەرزی ھاوین لە سەدا ٧٠ی دانیشتوانەکانیان ڤاکسینی کۆرۆنایان پێ بدرێت.