ئەمڕۆ بەرپرسانی ھەرێم و بەغداد لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کۆدەبنەوە

11/04/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بڕیارە ئەمڕۆ بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی میکانیزم و پێوەری نوێ لە بەڕێوەبردنی دۆسییەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە دەڵێت ھەردوولا گفتوگۆ دەکەن لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق و جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە نوێیەکان بەرامبەر بە دۆسیەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.

وەزارەتی نەوتی عێراق دەشڵێت ئامانج لە گفتوگۆکان "ھێنانەکایەی زۆرترین سوود و داھاتی داراییە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتی کە ڕۆڵی لە بەھێزکردن و پاڵپشتی ئابووری نیشتمانی و پیشەسازیی نەوت ھەبێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند ئەمساڵ پشکی ھەرێمی کوردستان بەگوێرەی پێوەرێکی دیکە ھەژمار دەکرێت و ساڵی ڕابردوو بڕە پارەیەکی کەمیان داوەتە ھەرێمی کوردستان.

بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، دەبێت بەغدا مانگانە مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت ئەویش لەبەرامبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان رۆژانە داھاتی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داھاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستی بەغداد بکات.

بەڵام دوای چەند مانگێک بەغداد وەستا لە پێدانی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و دواتر بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە لەلایەن بەغداد بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخانکرا و لەگەڵ دواکەوتنی پێدانی ئەم بڕە پارەیە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانیش دوادەکەوێت.