وەزارەتی تەندروستی عێراق حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنای ھندی ڕەتدەکاتەوە

27/04/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆمارکردنی حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنای ھندی لە پارێزگای زیقار ڕەتدەکاتەوە.

"رەبی فەلاح" لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا ھندییەکە تۆمار نەکراوە، بەڵام تۆمارکردنی حاڵەتی لەو جۆرە بە دوور نازانن و گەشتکردن بۆ وڵاتە مەترسیدارەکان ھۆکاری سەرەکییە بۆ ھێنانی جۆرە مەترسیدارەکانی کۆرۆنا. 

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر سەرچاوەیەکی تەندروستی لە ناوخۆی پارێزگای "زیقار" ڕایگەیاندبوو، یەکەم تووشبووی کۆرۆنای ھندی لە پارێزگاکە تۆمارکراوە، تووشبووەکە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ھندستان گەڕاوەتەوە و نیشانەکانی ئەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنای تێدا دەرکەوتووە و ڕێژەی ئۆکسجینیشی ٣٠٪ دابەزیوە، بە وتەی سەرچاوەکە، تیمێکی تەندروستی تایبەت چاودێری ڕەوشی ئەو نەخۆشە دەکەن و ھەموو بەرکەوتووانیشی کەرەنتین دەکەن.