دوو پەنابەری کورد لە ئوسترالیا وێنە بە قاوە و فڵچەی ددان دەکێشن

31/03/2022
موستەفا ئازئیمتابار
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دوو پەنابەری کورد کاتێک لە دورگەی مانوس-ی ئوسترالیا لە زیندان بوون، بە قاوە و فڵچەی ددان خۆیان فێری ھونەری وێنەکێشان کردووە، ئێستا وێنەکانیان لەلایەن پێشانگەی ھونەری نیو ساوز وێڵس لە ئوسترالیا پەسەند کراوە و بەشداری لە پێشبڕێی بەنێوبانگی "ئاچیبۆڵد" دەکەن.

براوەی خەڵاتی ئاچیبۆڵد بۆ تابلۆ بڕی ١٠٠ ھەزار دۆلاری ئەمریکی پێدەدرێت، براوەکانی دووەم و سێیەمیش خەڵاتی وین و سولمان بۆ دیمەنی سروشت و ھونەری پەیکەرسازی و باشترین بابەتی وێنەکێشان وەردەگرن. براوەی دووەم ٥٠ ھەزار دۆلار و براوەی سێیەمیش بڕی ٤٠ ھەزار دۆلار وەردەگرێت.

یەکێک لە پەنابەرەکان، موستەفا ئازئیمتابار، قسەی بۆ ڕۆژنامەی گاردیانی ئوسترالی کردووە دەڵێت "پێشتر ھیچ ئەزموونی ھونەریم نەبوو، [لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان] ھیچ مامۆستایەکم نەبوو. بەڵام کاتێک بردمیان بۆ دوورگەی مانوس بەقوڵی ویستم لەو ژاوە ژاو و پاسەوانانە ڕزگارم بێت. ئارامیم لە لاپەڕە و قاوە و فڵچەی دداندا دۆزیەوە."

دوای نزیکەی ٨ ساڵ لە زیندانی و ١٨ مانگ بەندکردن لە دوو ھۆتێلی شاری مێلبۆرن لە ئوسرالیا، موستافا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ ئازاد کرا. ئێستا ئەو لە دژی حکومەتی ئوسترالیا سکاڵای تۆمار کردووە و دەڵێت زیندانیکردنەکەی نایاسایی بووە.


Mostafa’s self-portrait


موستەفا دەڵێت بۆیە قاوە بەکار دەھێنێت، دەیەوێت ھەموو ئەو یادەوەرییانەی لە ماوەی ھەشت ساڵدا پێیاندا تێپەڕبووە دۆکیومێنت بکات.

"قاوە و فڵچەی ددان چەند کەلوپەلێکی بچووکن کە وێنای سادەیی بەرخودان دەکەن. پیشانی دەدەن کە من مامەوە، پیشانی دەدەن کە من بەردەوام بووم،" موستەفا قسەی بۆ ڕۆژنامەی گاردیان کردووە.

کوردێکی دیکەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە لە ھەمان بەندینخانەی موستەفا بەندکراوە و ھاوەڵی نزیکی موستەفایە، چەند وێنەیەکەی خۆی داوەتە پێشانگەی ھونەری نیو ساوز وێڵس لە ئوسترالیا و ڕێگەی پێدراوە بەشداری لە پێشبڕکێکەدا بکات.

Farhad Bandesh with his entry into the 2022 Archibald prize


فەرھاد باندیش، چەندین جار وێنەکانی لەلایەن پاسەوانی بەندینخانەی دورگەی مانوس دەستیان بەسەردا گیراوە و زیاتر لەماوەی ٧ ساڵ و شەش مانگی بەندکردندا ١٠٠ تابلۆی کێشاوە.