مستەفا کازمی بەشداری ھەڵبژاردنی پێشوەخت ناکات

27/04/2021
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بەشداری ھەڵبژاردنی پێشوەخت نەکات و پشتگیری ھیچ حزبێکیش ناکات.

سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بابەتی بەشداریکردنی مستەفا کازمی لە ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران کە بریارە ١٠ی تشرینی یەکەمی داھاتوو بەڕێوەبچێت یەکلادەکاتەوە و دەڵێت، کازمی بەشداری ھەڵبژاردنی پێشوەخت ناکات و ھیچ یەکێک لە ئەندامانی تیمەکەی و کەسە نزیکەکانیشی لە ژێر ھیچ ناو و حزبێک بەشداری ناکەن و پشتیوانی ھیچ کەس و حزبێکیش ناکەن.


ڕوونیشیکردووەتەوە، کازمی و تیمەکەی خۆیان بەخت دەکەن بۆ خزمەتکردنی گەل لەم قۆناغە قورسەی گواستنەوە و ڕۆڵیان بریتی دەبێت لە گەیاندنی وڵات بە کەناری ئارامی و پاراستنی لە ھەر سەرکێشییەکی ئەمنی و سیاسی و ئابوری و تەندروستی و گەیاندنی بە ھەڵبژاردنێکی پاکی پێشوەختە، کە تیایدا حکومەت پارێزەری بەرژەوەندی ھەمووان بێت، نەک ڕکابەرێکی سیاسی.