نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی

22/03/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لەدوای بڕیاری سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیا لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و ھێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، ئەمڕۆ نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.

ئەمڕۆ سێ شەممە، نرخی ھەر بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە ١١٩ دۆلار و ١ سەنت و ھەروەھا بەرمیلێک نەوتی تەکساس بە ١١٤ دۆلار و ٩ سەنتە.

بەراورد بە ڕۆژی دوو شەممە، ئەمڕۆ نرخی نەوتی برێنت بە ڕێژەی سەدا ٣.١ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، ھەروەھا نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساس بەڕێژەی سەدا ٢.٤٨ بەرزبووەتەوە.

بەھۆی شەڕی ئۆکراین کە نزیکەی مانگێکە بەردەوامە ھەروەھا ھێرشەکانی سەر ئارامکۆی سعودیە نرخی نەوت بەردەوام لە گۆڕاندایە و بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەدوای ئەوە دێت ڕۆژی دوو شەممە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێف بۆرێل ئامادەیی یەکێتییەکەی رایگەیاند، بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیادا بەھۆی ھێرشەکەی بۆسەر ئۆکرانیا.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەوروپا ڕاشیگەیاند لەئێستادا کاردەکەن بۆ پێکھێنانی "ھێزی وەڵامدانەوەی خێرا کە لە ٥٠٠٠ سەرباز پێکھاتوە".