ئەمریکا بەنیازە سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری وڵاتەکەی دەربکات

19/03/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لەگەڵ نزیکبوونەوەی دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە قۆناغی کۆتایی، دەنگۆی دەرھێنانی سوپای پاسدارانی ئێران لە لیستی تیرۆری ئەمریکا بڵاودەبێتەوە و ناڕەزایی لێپرسراوانی ئیسرائیلی لێدەکەوێتەوە.

چەند رۆژێک پێش ئێستا ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، ئیدارەی بایدن دەرکردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریکا تاوتوێ دەکات، دوابەدوای بڵاوبونەوەی ھەواڵەکەش نەفتالی بینێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا رایانگەیاند، لەو بڕوایەدا نین واشنتۆن لەپێناو ھەندێک بەڵێنی بێ بنەما، ھاوپەیمانەکانی بێھیوا بکات. 

ئاماژەیان بەوەشکرد، سوپای پاسدارانی ئێران دەستی لە کوژرانی ھەزاران کەسی بێتاوان لەناویشیاندا ھاوڵاتیانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن ھەیە، بۆیە لە بەرژەوەندی واشنتۆندا نییە ئەو ھێزە لە لیستی تیرۆر دەربکات.

جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی وەک یەکەم لێپرسراوی ئەمریکا کە لەوبارەیەوە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاوتوێکردنی ئەو پرسە لەناو ئیدارەی واشنتۆن لەئارادیە بەڵام ، تا ئێستا ئەو بابەتە نەبووتە بڕیار و بە ڕەسمی یەکلانەبووەتەوە.

بەپێی ھەندێک لە راپۆرتەکان، جگە لە ناڕەزایەتی لێپرسراوانی ئیسرائیل، ئەو پرسە لە ناو ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاش روبەڕوی رەخنەی توند بووەتەوە.

ساڵی ٢٠١٩ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بڕیاریدا سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆری وڵاتەکەیەوە، ئەوەش دوای ئەوەھات کە ساڵێک پێشتر بڕیاری کشانەوەی ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی دابوو.

ئێستاش کە ئەمریکا و ئێران لە گەیشتن بە رێککەوتن بۆ گەڕانەوەیان بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی نزیکبوونەتەوە، پێشبینی دەکرێت، لە بەرامبەر سنورداکردنی چالاکییەکانی ئێران و پشتیوانیکردن لە گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکە، ئەمریکا سوپای پاسداران کە لیستی تیرۆر دەربکات، ئەوەش لەکاتێکدایە بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، ئەو بڕیارە کاریگەری ئەوتۆ لە پێگە و دۆخی سوپای پاسداران دروست ناکات، بەو پێیەی زۆربەی فەرماندە باڵاکان و ناوەندە پەیوەندیدارەکان بەو ھێزە لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادان و لە ئەگەری کاراکردنەوەی ریککەوتنی ئەتۆمیش، ئەو سزایانە بە ئاسانی ھەڵناگیرێن.