ئەمریکا: ھێرشی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتر مەترسی لەسەر ھێزەکانمان دروست دەکات

19/03/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ھێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتر مەترسی بۆ سەر ھێزەکانی وڵاتەکەی دروست دەکات.

ژەنەڕاڵ کێنز مەکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێران بە بەرەوپێشبردنی بەرنامەی موشەکیی و پشتیوانی لە گروپە چەکدارەکان، ھەوڵ بۆ لاوازکردنی حکومەتە ناوچەییەکان و بەھێزکردنی دەسەڵاتەکانی لە ناوچەکە دەدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەش مانگی رابردوودا ئێران چەندین جار ھێرشی  کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەڵام بە وریایی فەرماندە سەربازییەکانیان رێگە لەوە گیراوە ھێرشەکان زیانیان لێبکەوێتەوە.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا وتیشی، ھێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتر مەترسی بۆ سەر ھێزەکانی وڵاتەکەی دروست دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ھێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ھەولێر زیانی بە ھێزەکانی ئەمریکا بگەیاندایە، بە دڵنیاییەوە ئێستا رەوشەکە جیاواز دەبوو.