ژمارەیەک کارمەندی کەناڵی فەرمی ڕووسیا بە کۆمەڵ دەستیان لە کار کێشایەوە

17/03/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ژمارەیەک کارمەندی تەلەفزیۆنی فەرمی ڕووسیا بە کۆمەڵ دەستیان لە کار کێشایەوە، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە سزای کارمەندێکی تەلەفزیۆنەکەیاندا، کاتێک لە پەخشی ڕاستەوخۆدا ئیدانەی جەنگی ئۆکراینی کرد.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو مارینا ئۆڤیسیانیکۆڤا، لە کاتی پەخشی ڕاستەوخۆی ھەواڵەکانی کەناڵی فەرمی ڕووسیا، بە لافیتەیەکەوە کە ئیدانەی ھێرشی ڕووسیای دەکرد بۆ ئۆکرانیا دەرکەوت، ڕووداوەکەش لەسەر ئاستی میدیاکانی جیھان دەنگدانەوەیەکی گەورەی ھەبوو لەسەر ئاستی جیھان.

ئەو کارمەندە کە کاری ھەواڵسازە و لەسەر لافیتەکەی دەستی نوسرابوو، نا بۆ جەنگ ، شەڕ بوەستێنن، باوەڕ بە پڕوپاگەندەکان مەکەن، ئەوان درۆتان لەگەڵ دەکەن.

لە ئێستاشدا بەھۆی سزادانی ئەو کارمەندەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە کارمەندانی کەناڵەکە بە کۆمەڵ دەستیان لە کار کێشاوەتەوە.

بەھۆی ڕووداوەکەشەوە، دادگای ڕووسیا سزای دارایی بە بڕی ٢٨٠ دۆلار سەپاندووە بەسەر ئەو کارمەندە، بەڵام ئەگەر بە گوێرەی یاسای نوێی تایبەت بە بڕگەی ھەواڵی درۆ دادگایی بکرێت، مەترسی ئەوە دەکرێت سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێندرێت.