هەواڵگری ئەمریکا زیانەکانی سوپای روسیا لە جەنگی ئۆکراین ئاشکرا دەکات

17/03/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بە ٣ ھەفتە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین، ٧ ھەزار سەربازی روسی کوژراون، کە زۆر زیاترە لە ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی بە درێژایی ٢٠ ساڵ لە جەنگی عێراق و ئەفغانستان کوژراون.

بۆ یەکەمین جار لە دوای دەستپێکردنی جەنگی روسیا بۆ سەر ئۆکراین لە ٢٤ی مانگی شوباتی رابردوو، ھەواڵگری ئەمریکا ئاماری زیانەکانی روسیای لەو جەنگەدا بڵاوکردۆتەوە. 

لێپرسراوان لە ھەواڵگری ئەمریکاوە رایانگەیاندووە، بەپێی ھەڵسەنگاندنەکانیان و بە لایەنی کەمەوە، ٧ ھەزار سەربازی روسی لەو جەنگەدا کوژراون، کە ئەو ژمارەیە زیاترە لە کوژراوانی سوپای ئەمریکا بە درێژایی جەنگی ٢٠ ساڵەیان لە وڵاتانی عێراق و ئەفغانستان، ھاوکات ١٠%ی یەکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە زیانیان بەرکەوتووە، بەوەش توانای جەنگیان زۆر کەم دەبێتەوە.

بەپێی ھەڵسەنگاندنەکانی وڵاتانی خۆرئاواش، زیاتر لە ١٥٠ ھەزار سەربازی روسی لە جەنگی ئۆکراین بەشداری دەکەن، نزیکەی ١٤ ھەزار بۆ ٢١ ھەزار سەربازیش برینداربوون، کە دەکاتە ١٠%ی بەشداربووانی جەنگەکە. 

بەپێی زانیاری لێپرسراوانی ئۆکراین و ناتۆش، روسیا لانی کەم ٣ گەورە ژەنەراڵی لەو شەڕەدا لەدەستداوە، ھەموو ئەو زیانانەش لە پێشبینی روسیادا نەبووە بەر لەوەی جەنگەکە دەستپێبکات.

ھاوکات "ڤیکتۆر زۆلۆتۆڤ" متمانەپێکراوترین ھاوپەیمانی "ڤلادمیر پوتن" وتویەتی، پڕۆسە سەربازییەکان بەو خێراییەی کرملین دەیویست، بەڕێوەناچێت.

سەرباری ئەو ئامارانەی ھەواڵگری ئەمریکا، بەڵام ئامارە رەسمییەکان لەلایەن لێپرسراوانی ئۆکراینەوە باس لە کوژرانی زیاتر لە ١٣ ھەزار سەربازی روسی دەکەن، کە نزیکەی دوو ھێندەی ئامارەکانی ھەواڵگیری ئەمریکایە، بەڵام روسیا خۆی لەسەرەتای ئەم مانگەدا تەنھا دانیناوە  بە کوژرانی کەمتر لە ٥٠٠ سەربازدا، لەو کاتەشەوە ھیچ ئامارێکی نوێی بڵاونەکردۆتەوە.