لیرەی تورکی ئاستێکی نوێی لە دابەزین تۆمارکرد بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی

29/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بانکی ناوەندی تورکیا لە شڵەژان و دۆخێکدایە کە بەھۆی دابەزینی بەردەوامی بەھای لیرەوە کۆمەڵێک لە بەڕێوەبەرەکانی بانکەکەی لە پۆستە گرنگەکانی وەک بەڕێوەبەری بەشی لێکۆڵینەوە و ئامار و بەرپرسانی بەشی بودجە دانان و بەشی یاسایی و بەڕێوەبەری بەشی بانکی لابرد.

گۆڕانکارییەکانی بانکی ناوەندی تورکیا کاریگەری نەرێنی لەسەر بەھای لیرە داناوە و بە جۆرێک ھەرەسی پێھێناوە کە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بەو جۆرە نەبووە، ھەر دۆلارێکی ئەمریکی بە ٨ لیرە و ٨٥ قوڕوش مامەڵەی پێوەکراوە.


لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیای گۆڕی کە لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا سێ جار گۆڕانکاری لە بانکی ناوەندیدا کرد و ھەفتەی ڕابردووش یەکێک لە چوار جێگرەکەی سەرۆکی بانکی ناوەندی گۆڕی و ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەش بووەتە ھۆکاری بێ متمانەبوونی سەرمایەداران و وەبەرھێنەران بە سیاسەتەکانی بانکی ناوەندی تورکیا.