بازرگانێک ١ ملیۆن دۆلار خەڵات بۆ دەستگیرکردنی پوتن دادەنێت

03/03/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بازرگانێکی ڕووسیا بڕی یەک ملیۆن دۆلار خەڵاتی بۆ ھەر کەسێک داناوە کە بتوانێت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەستگیر بکات.

ئەو بازرگانە کە لە ئەمریکا دەژی، ناوی ئەلێکس کۆنانیخینە دەڵێت دەستگیرکردنی پوتن بە پێی دەستوور ڕێگە پێدراوە چونکە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە.

ئەلێکس کۆنانیخین دژی داگیرکردنی ئۆکراینە لەلایەن ڕووسیاوە و پوتن تۆمەتبار دەکات بە "پێشێلکردنی دەستووری ڕووسیا" و "دەستوەردانی لە ھەڵبژاردنەکان" و "کوشتنی نەیارەکانی".

ئەو بازرگانە دەشڵێت "وەکو ھاوڵاتییەکی ڕووسی، من ئەوە بە ئەرکی ئەخلاقی خۆم دەزانم تاوەکو ئاسانکاری بکەم بۆ نەھێشتنی بیری نازی لە ڕووسیا، من بەردەوام دەبم لە ھاوکارییەکانم بۆ ئۆکراین".

ھێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی بۆ ئۆکراین دووپاتدەکەنەوە و داوا لە ڕووسیا دەکەن ھێرشەکە ڕابگرێت.