گەورەترین کەشتی گەشتیاریی لە جیھاندا گەشتەکەی دەستپێدەکات

23/02/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

"ئۆدیسێی ئۆف زە سیز"، گەورەترین کەشتی گەشتیاری لە جیھاندا گەشتەکەی دەستپێدەکات.

ئەو کەشتییە بە "سەرسوڕھێنەر" ناودەبرێت و گەورەترینە لە جیھاندا، دروستکردنی ماوەی سێ ساڵی خایاندووە، بەرزییەکەی ٣٢٦ مەترە و لە ١٨ قات پێکھاتووە،.... جێگەی ٦ ھەزار و ٩٨٨ میوان دەبێتەوە لەگەڵ ٢ ھەزار و ٣٠٠ ئەندامی تیمی کەشتییەکە. 

یەکەمین گەشتی ئەو کەشتییە لە شاری "فورت لادردێل" لە ویلایەتی "فلۆریدا"وە لە ٤ی ٣ دەستپێدەکات بەرەو ناوچەی کاریبی، خەڵکێکی زۆریش ریزیان بەستووە بۆ بڕینی بلیت و دەستپێکردنی گەشتەکەیان بەو کەشتییە ناوازەیە. 

بەڵام تاکە دوو دڵی کە لای گەشتیاران ھەیە مەترسی کۆرۆنایە، بە تایبەت کە بەردەوام گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا بە جیھاندا بڵاودەبێتەوە.

بلیتی گەشتکردن بەو کەشتییە بەپێی ماوە و ئاڕاستەی گەشتەکە دەگۆڕێت و لە نێوان ٧٦٠ بۆ ھەزار و ٢٠٠ دۆلاردایە.

ئەو کەشتییە لە ھەشت ناوچە پێکدێت، زیاتر لە ٢٠ ھەزار رووەک و گوڵ و درێژترین خلیسکێنەی ئاوی تێدایە، ھەروەھا شاشەی سینەما و چەندین یاری و چالاکی تر لەخۆدەگرێت. 

مەرجی گەشتکردن بەو کەشتییە ئەوەیە کە دەبێت ئەوانەی سەروو ١٢ ساڵن ڤاکسینیان وەرگرتبێت، منداڵانیش کە تەمەنیان خوار دوو ساڵە پشکنینی نێگەتیڤی کۆرۆنایان پێبێت، ھەروەھا دەبێت لە زۆرێک لە شوێنە گشتییەکاندا دەمامک ببەستن و پابەندی رێنماییەکانی دەستەی تەندروستی ئەمریکا بن.