دێربی نێوان یوڤانتۆس و تۆرینۆ بە یەکسان بوون کۆتایی ھات

19/02/2022
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە دەستپێکی یارییەکانی ھەفتەی ٢٦ی خولی ئیتاڵی و لە دێربی دێلا پۆلی شاری تۆرینۆ، یانەی یوڤانتۆس لە ناو ئەلیانز ستادیۆم میوانداری یانەی تۆرینۆ کرد کە لە وەرزی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٥ەوە پێی نەدۆڕاون.

یاریزانانی خانمە پیرەکە بە سەرەتایەکی بەھێز یارییەکیان دەست پێکرد و تەنیا ١٣ دەقەیان پێویست بوو بۆ ئەوەی پێشەنگی بگرنە دەست، ئەوەش کاتێک ماتیاس دی لێختی بەرگریکاری ھۆڵندی تۆڕی تۆرینۆی ھەژاند.

بەڵام کوڕانی ماسیمیلیانۆ ئەلێگری نەیانتوانی لەسەر ھەمان ڕیتمی یاریکردن بەردەوام بن و ھەر لە گێمی یەکەمدا یاریزانانی تۆرنیۆ چەندین جار لە یەکسان کردنەوەی ئەنجامەکە نزیکبوونەوە بەڵام سودیان لەو ھەلانە وەرنەگرت کە بۆیان ڕێکەوت.

دواتر لە گێمی دووەم یانەی تۆرینۆ توانی بەربەستی ھێڵی بەرگری یوڤانتۆس بشکێنێت و لە دەقەی ٦٢ ئەندریا بیلۆتی تۆڕی چیزنی ھەژاند و ئەنجامەکەیان یەکسان کردەوە و یارییەکەش بە گۆڵێک بۆ ھەردوولا کۆتایی ھات.

بەم ئەنجامە یانەی یوڤانتۆس بە شێوەیەکی کاتی لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی سیریا ئەی مایەوە و ٤٧ خاڵیان ھەیە، تۆرینۆش بە ٣٣ خاڵەوە لە پلەی ١٠یەمدا جێگیر بووە.