بە مەبەستی بەرجەستەکردنی شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و بنەمای لامەرکەزییەت لە بەڕێوەبردندا، حکومەتی ھەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دەرکرد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە بڕیارەکان تایبەتن بە دابەزاندنی چەند دەسەڵاتێکی کارگێڕیی لەلایەن وەزیرەکانەوە بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەکان و چەند خاڵێکیشیان پەیوەستن بە ڕەچاوکردنی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان.
لە بڕیارەکاندا ھاتووە، پێویستە وەزیر و سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت، ئەوان دەسەڵاتەکان دابەزێنن بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە سنووری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، وەزیرەکان و سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت ئەو فەرمانە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکەن و پێویستە تا ٣٠ ڕۆژی تر فەرمانی کارگێڕی شۆڕکردنەوەی ئەو دەسەڵاتانە دەربکەن.
لە ماوەی ڕابردوودا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دانەبڕاوانە کاری کردووە بۆ جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزی و ئاسانکاری بۆ کاری ھاووڵاتیان و فەرمانبەران لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان.