د.لەتیف رەشید لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پاڵێوراوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و پۆستە، پۆستێکی زیندووە و ئەرکی سەرەکی لە سەرۆکایەتی کۆمار بریتییە لە ئاشتبوونەوە.
وتیشی، لە ھەموو لایەنەکان و نەتەوەکان و حزبە عێراقییەکان نزیکە، سەرۆک کۆمار دەبێت سەرۆکێک بێت بۆ ھەموو عێراقییەکان و نابێت لایەنگری ھیچ لایەنێک بێت.
ئاشکراشیکرد، ئامانجی سەرەکی لە خۆکاندیدکردنی بۆ ئەوەیە لێکنزیکبوونەوە ھەبێت لەنێوان لایەنەکان و لە توانایدایە ھەموو لایەنە سیاسییەکان کۆبکاتەوە و لێکتێگەیشتن بکرێت.
د.لەتیف رەشید راشیگەیاند، پۆستە حکومییەکان لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکە و عێراق پێویستی بە حکومەتێکی بەھێزە کە نوێنەرایەتی ھەموو لایەنەکان بێت.
جەختیکردەوە، پێویستیان بە دامەزراوەی گرنگ ھەیە بۆ بەرژەوەندی ھاوڵاتیان و پێویستە بە زووترین کات خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەیی و ئەمنی پێشکەش بکەن و بەڵێن دەدات زۆرترین ھەوڵبدات لە پێناو کارکردن لەگەڵ حکومەت و دامەزراوەکان و کاربکات بۆ خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان.