پنتاگۆن ھێزی زیاتر رەوانەی ئەوروپا دەکات

2022-02-03   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ھێزی زیاتر رەوانەی ئەوروپا دەکات و روسیاش نیگەرانی دەردەبڕێت و دەڵێت، ئەمریکا رەوشی ئەوروپا ئاڵۆزتر دەکات.

جۆن کیربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" رایگەیاند، بە نیازن نزیکەی ھەزار سەربازی ئەمریکی تر لە ئەڵمانیاوە بگوازنەوە بۆ رۆمانیا، ئەمە سەرباری دوو ھەزار سەربازی تر کە لە ئەمریکاوە رەوانەی ئەڵمانیا و پۆڵەندای دەکەن. 


وتیشی، بڵاوکردنەوەی ئەو ھێزانە بۆ ھەمیشەیی نییە، تەنھا بۆ دڵنیایی دانە بە ھاوپەیمانەکانیان، ئەوەش بەھۆی ئەوەی روسیا ھێزێکی زۆری لەسەر سنوری ئۆکراین جێگیر کردووە. 


دیمتری پیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی "کرملین"یش وەڵامی "پنتاگۆن"ی داوەتەوە و دەڵێت، بڵاوکردنەوەی ھێزی ئەمریکا بە مانای ئەوە دێت ئەمریکا ئاڵۆزییەکان لە ئەوروپا زیاتر دەکات و ئەوەش جێی نیگەرانی روسیایە.