تەندروستی جیھانیی ھۆشداری لە بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن لە سەرتاسەری جیھان دەدات

2021-12-03   |  
رێکخراوی تەندروستی جیھانی ئۆمیکرۆن ھۆشداری
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
رێکخراوی تەندروستی جیھانیی ھۆشداری لە بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن لە سەرتاسەری جیھان دەدات و داوا لە وڵاتان دەکات خۆیان بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەکە ئامادە بکەن.

تاکێشی کاسای بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیھانیی بۆ کاروباری خۆرئاوای زەریای ھێمن رایگەیاند، رۆژ بەڕۆژ ژمارەی ئەو وڵاتانەی کۆرۆنای گۆڕاوی ئۆمیکرۆن تیاندا تۆماردەکرێت، زیاد دەکات. وتیشی داخستنی سنورەکان و قەدەغەی ھاتوچۆ، بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن دوادەخات، بەڵام ناتوانێت رێگە لە گواستنەوەی بۆ وڵاتانی دیکە بگرێت.
کاسای راشیگەیاند، لە ئێستادا ھیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە نوێیە، پێویستە گۆڕانکاری لە رێکارە تەندروستییەکاندا بکرێت.
ھەفتەی رابردوو جۆرێکی نوێی کۆرۆنا بەناوی ئۆمیکرۆن لە ئەفریقای باشور سەریھەڵدا و لە چەند رۆژی رابردووشدا چەند حاڵەتێکی توشبون بە ڤایرۆسەکە لە ئەمریکا و سعودیە و ئیمارات و چەند وڵاتێکی تر تۆمارکراوە.