حکومەتی ھەرێم پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان

2021-11-25   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە رۆژی جیھانی بەرەنگاربونەوەی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت، حکومەتی ھەرێم پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە پەیامێکدا بە بۆنەی رۆژی جیھانی بەرەنگاربونەوەی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ژنان رایگەیاند، حکومەتی ھەرێم پابەندە بە درێژەدان بە پشتیوانیکردنی مافەکانی ژنان و نەھێشتنی ھەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی و نەھێشتنی توندوتیژی بە گشتی و توندوتیژی دژی ژنان بەتایبەت.


وتیشی، حکومەت کار دەکات لەپێناو ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار ژنان تێیدا پارێزراو بن و گەشە بکەن، بەشێوەیەک بتوانن بە لێھاتوویی خۆیانەوە، وەک بکەرێکی سەرەکی لە کۆی کایەکانی کۆمەڵگای کوردستانیشدا بەشداربن.


 جەختی لەوەشکردووەتەوە، حکوومەتی ھەرێم، پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و بەھێزکردنی پێگەیان لەناو حکومەت و کۆمەڵگە و پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەھێشتنی توندوتیژی و ھەموو جیاکارییەک لەسەر بنەمای ڕەگەز.