حەشدی شەعبی پەلاماری بازگەیەکی قەزای خانەقین دەدات

2021-05-17   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھێزێکی حەشدی شەعبی پەلاماری بازگەیەکی نێوان خانەقین و کەلار دەدات و ژمارەیەک کارمەندی ئاسایش بۆ ماوەیەک دەستگیردەکات، دواتریش ھێزێکی زیاتری حەشدی شەعبی دەچێتە ناو قەزای خانەقین نمایش سەربازی دەکەن. فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت، رەفتارەکانی حەشدی شەعبی بانگەشەی پێشوەختەی ھەڵبژاردنە و بۆ ترساندنی کوردە لە سنورەکەدا.

بەختیار جاف جێگری لێپرسراوی میحوەری گەرمەسێری ھێزی پێشمەرگە بەکوردسات نیوزی راگەیاند، ھێزێکی حەشدی شەعبی لە قەزای خانەقین ھەڵیکوتاوەتە سەر بازگەی باوە مەحمود کە دەکەوێتە نێوان خانەقین و کەلار، کە ھێزێکی ھاوبەشی ئاسایش و سوپا و پۆلیسی تێدایە، ھێزەکەی حەشدی شەعبی ئاسایشەکانیان چەک کردووە، دوای ماوەیەک دەستبەسەرکردن ئازادییان کردوون و چەک و پێداویستییەکانیان پێداونەتەوە.

وتیشی، دواتر حەشدی شەعبی بەھێزێکی زۆرەوە چوونەتە ناو قەزای خانەقین و  نمایشی سەربازییان کردووە.

بەوتەی جێگری لێپرسراوی میحوەری گەرمەسێر، رەفتارەکانی حەشدی شەعبی، بانگەشەی پێشوەختەی ھەڵبژاردنەو بۆ ترساندنی کوردە لە سنورەکەدا.