چاودێری بازرگانی سلێمانی رونکردنەوە لەبارەی بڵاوبوونەوەی نوسراوێک دەدات

2021-10-23   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەڕێوبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی روونکردنەوەیەک لە بارەی بڵاوبونەوەی نوسراوێکی بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، چەواشەکارانە لێکدانەوە بۆ نوسراوەکەیان کراوە و بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەستخۆشی لەھەر خاوەن کار و فرۆشیارێک دەکات کە نرخ لە بەرژەوەندی گشتی کەم بکاتەوە.

بەڕێوبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی لە رونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتییان لە بەشێک لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە چەواشەکارانە لێکدانەوە بۆ ناوەڕۆکی نوسراوەکە کراوە، لەکاتێکدا نوسراوەکە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە راستی و دروستی کەمکردنەوەی نرخ لە لایەن ئەو فرۆشیارەی کە داوای لە ئێمە کردووە، چونکە ھەندێک جار  فرۆشیاران وەک فێڵێک دابەزاندنی نرخەکان بەکار دەھێنن بۆ سەرنج راکێشانی ھاوڵاتیان.

دەشڵێت، لێرەوە بۆ بەرچاو روونی رای گشتی رایدەگەیەنین بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لەپاڵ چاودێری کردنی نرخەکان بۆ رێگریکردن لە بەرزبونەوە و ھاوکات لەگەڵ ھەموو جۆرە دابەزاندنێکی نرخداین و دەستخۆشی لەھەر خاوەن کار و فرۆشیارێک دەکەین کە نرخی کاڵا و شمەک لە بەرژەوەندی گشتی کەم بکاتەوە.

چاودێری بازرگانی سلێمانی دووپاتیکردووەتەوە، بەھەموو لایەکی رادەگەیەنن کارو بەدواداچونی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە چوارچێوەی رێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمدایە.