کۆمان دوو یاریی لە لا لیگا سڕ دەکرێت

2021-09-25   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لیژنەی پێشبڕکێکان لە یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا بڕیایدا سزای سڕ کردن بۆ ماوەی دوو یاریی بەسەر رۆناڵد کۆمانی راھێنەری یانەی بارسێلۆنادا بسەپێنێت، ئەوەش بەھۆی ئەو کارتە سورەی لە یارییەکەی کادێزدا وەری گرت .

دوای کۆتایی ھاتنی ئەو یارییە، کارلۆس دێل سێرۆی داوەر لە راپۆرتەکەی خۆیدا ئاشکرای کردبوو ھۆکاری دەرکردنی کۆمان بە کارتی سور بەھۆی ئەوەوە بووە رەخنەی لە داوەری چوارەم گرتووەو دەنگی بەسەردا بەرز کردووەتەوە .


پێشتریش کۆمان ئاماژەی بەوەدابوو، داوای لە داوەری چوارەم کردووە یارییەکە رابگرن بەھۆی ئەوەی تۆپی دووەم لە ناو یاریگادا بووە و لەوە زیاتر ھیچ شتێک رووی نەداوە .


کۆمان ئەوەشی وتبوو، لەم وڵاتە واتا ئیسپانیا داوەرەکان لەسەر ھەموو شتێک ئامادەن کارتی سور بەرز بکەنەوە تەنانەت ئەگەر ھیچیش رووی نەدابێت .


پێشبینی دەکرێت بارسێلۆنا تانە لە بڕیارەکەی یەکێتی تۆپێی ئیسپانیا بدات چی بە لابردنی سزاکەی کۆمان بێت یاخود کەم کردنەوەی .