سەعدی ئەحمەد پیرە پێشوازیکرد لە ریکاردۆ رۆدریگێز بەرپرسی نوسینگەی یونامی لە هەرێم

2021-09-14   |  
سەعدی ئەحمەد پیرە ریکاردۆ رۆدریگێز یونامی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازیکرد لە ریکاردۆ رۆدریگێز بەرپرسی نوسینگەی یونامی لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق کرا .

سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بە رەوشی بەرێوەچوونی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنکرد ، ووتیشی: بەداخەوە لە هەندێک کەمپەکانی ئاوارەکان بەناوی ئاژانسەکانی سەربەنەتەوە یەکگرتووەکان رێگری دەکرێت لەبەشێک لە کاندیدان بۆ بانگەشەکردن لەکاتێکدا هەر بەناوی ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ڕێگە دەدرێت بە بەشێکی تر لە کاندیدەکان بەئازادی خۆیان بچنە ناو کەمپەکان و بانگەشە بکەن .

لەبەرامبەردا بەڕێز ریکاردۆ رۆدریگێز بەرپرسی نوسینگەی یونامی لە هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی لەسەر ئەم جۆرە هەڵسو کەوتانە نیشاندا و تەئکیدی کردەوە کە بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن بانگەشەکردن لە کەمپەکان ئازادە بۆ هەموو لایەنەکان ، بەکاندیدە سەربەخۆکانیشەوە ، بێ ئاگایی خۆشی لەو شێوازی مامەڵەکردنە نیشاندا و نیگەران بوو بەوەی کەناوی ئاژانسەکانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان بەکاربهێندرێت بۆ بەرژەوەندی هەر لایەن و گروپێک ، تەئکیدی کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێک نین لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەڵکو تەنها لایەنی چاودێر و هەماهەنگی کارن بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتووانە و دەوڵەمەند بە پرەنسیپەکانی ئازادی بیر وڕاو دەنگدان .

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە سوپاسی ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانی کرد کە لەماوەی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان لایەنێکی گرنگی بەرەو پێش چوونی دامو دەزگاکانی هەرێمی کوردستانن لەسەرجەم بوارەکاندا ، هاوکات هاوکاری و کۆمەکە مرۆییەکانیان لە رووداوەکاندا بەشیکی سەرەکی چارەسەری کێشە و گرفتەکان بوون ، ئەمە جگە لەوەی لە رووی سیاسی و داڕشتنی یاساکانی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی بەهێزبوون .