قائیمقامی سلێمانی: جگە لە سزا و داخستن دادگایی کردنیش ھەیە

2021-05-08   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە یەک ڕۆژدا ١٢ شوێن بەھۆی پابەند نەبوون بە مەرج و ڕێنماییەکان دادەخەن، قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانیش دەڵێت، جگە لە سزا و داخستن دادگایی کردنیش ھەیە.

لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە درێژەی ھەڵمەتەکانی گەڕان و پشکنینی خواردن و خواردنەوە لە دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، دەستیان بەسەر بڕێک خواردن و خواردنەوەی خراپ و بەسەرچوودا گرت و پسوڵەی سەرپێچییان بۆ خاوەن شوێنەکان کرد، بەھۆی پابەند نەبوونیش بە مەرج و ڕێنماییە تەندروستیی و ڤێتێرنەرییەکان و دانانی خواردن و خواردنەوە لە شوێنی گەرم ١٢ شوێنیان داخست.


لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ھۆشداری بە کارگەکانی ئاو، کۆگاکان، مارکێت و دوکاندارەکان دەدەن و ھەر شوێنێک خواردن و خواردنەوە لە شوێنی پلەی گەرمی بەرز و بەرتیشکی خۆر دابنێت، دادەخرێت و خاوەنەکەشی ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەکرێتەوە.


ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانیش بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ئەو شوێنانەی پابەندی ڕێنماییەکان نەبن، جگە لە سزادان و داخستن، دادگاییش دەکرێن.