کەرتی پیشەسازیی ئوتومبێلی ئەمریکا داوای ھاوکاری لە کۆنگرێس دەکات

2021-05-08   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە ھەواڵێکی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"دا ھاتووە، کە کەرتی پیشەسازیی ئوتومبێلی ئەمریکا و سەندیکای کرێکارانی پیشەسازییەکە داوایان لە کۆنگرێس کردووە حکومەتی ئەو وڵاتە پابەند بکات بە تەرخانکردنی ملیاران دۆلار بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی پارچەی ئەلیکترۆنی کە کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنی ئوتومبێل پێویستیانە.

بە پێی ھەواڵەکە، ئەنجومەنی یاساکانی ئوتومبێلسازیی ئەمریکا و دەستەی بەرھەمھێنانی ئامێر و بزوێنەرەکان ھەروەھا سەندیکای کرێکارانی پیشەسازیی ئوتومبێلی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشدا جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە بەرھەمھێنانی پارچە ئەلیکترۆنیەکانی ئوتومبێل بە تایبەت "سێمای کۆندەکتەر" لە ناوخۆی ئەمریکادا لە پێشینەی کارەکانی کۆنگرێس بێت چونکە زۆر پێویستن بۆ کۆمپانیاکان لە بەرھەمھێنانی ئوتومبێل و خێرایی بەستنی پارچەکانی.


ئاشکراشیان کردووە، کە ئەم ھەنگاوە دەبێتە ڕێخۆشکەرێک بۆ کۆمپانیاکانی ئوتومبێل تا پشکی تەواویان لە پارچەی ئەلیکترۆنی پێویست لە بەردەستدا بێت و بە گوێرەی خواستی کڕیار ئوتومبێلەکان بەرھەمبھێنن.


جێی ئاماژەیە، لە ماوەی ڕابردوودا زۆرێک لە کۆمپانیا تەکنەلۆژی و پیشەسازییەکان داوایان لە ئیدارە جیاجیاکانی ئەمریکا کردبوو کە لایەنگری نەکەن و دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ کەمکردنەوەی ئەو کورتھێنانە لە پارچەی ئەلیکترۆنی بە ھۆکار و بارودۆخە جیاوازەکانەوە گرێ نەدەن.


 لە کۆتایشدا، فەرمانگەی ئاماری کرێکارانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، بەھۆی ھاوردەکردنی پارچەی ئەلیکترۆنی بە تەنیا لە مانگی نیسانی ڕابردوودا کەرتی بەرھەمھێنانی ئوتومبێل و پارچەکانی لە ئەمریکا ٢٧ ھەزار ھەلی کاری لە دەستداوە.