ئاماری گیان لە دەستدان بە کۆرۆنا لە جیھاندا دوو ھێندەی ئەو ژمارانەیە کە ڕاگەیەنراوە

2021-05-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
توێژینەوەیەک دەریدەخات ئاماری گیان لە دەستدان بە کۆرۆنا لە جیھاندا دوو ھێندەی ئەو ژمارەیەیە کە ڕاگەیەنراوە، توێژەران (لە پەیمانگەی ھەڵسەنگاندنە پزیشکییەکان)ی سەر بە زانکۆی واشنتۆن لە ئەمریکا گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە لە ٧ ملیۆن کەس نزیک دەبێتەوە، ئەوەش دوو ھێندەی ئەو ژمارەیەیە کە بە ڕەسمی ڕاگەیەنراوە.

بە گوێرەی ئامارە ڕەسمییەکان تا ئێستا زیاتر لە ٣ ملیۆن کەس لە جیھاندا بە ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەستداوە. ھەر بە گوێرەی ئەو توێژینەوەیە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەمریکا بە کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە نزیکەی ٩٠٠ ھەزار کەس دەبێت، ئەو ژمارەیەش بە ڕێژەی لە سەدا ٥٧ زیاترە لەو ئامارەی بە ڕەسمی ڕاگەیەنراوە.


توێژەران گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە مەرج نییە ھەموو ئەوانەی بە کۆرۆنا گیان لە دەست دەدەن ڕابگەیەنرێن، لەبەرئەوەی وڵاتان تەنھا ناوی ئەو کەسانە تۆمار دەکەن کە لە نەخۆشخانەکان گیان لە دەست دەدەن، و لە زۆر شوێنی جیھان خراپیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەبێتە ھۆکار کە وەک پێویست ئامارەکانی تووشبوون و گیان لە دەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمار نەکرێن.


ئەوەش لە کاتێکدایە کە ھێشتا ئەمریکا لە ڕیزبەندیی تووشبوون و گیان لە دەستدان بە کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیھان لە پلەی یەکەمدایە. جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکاش لە وتارێکیدا لە یەکەمین ساڵڕۆژی بڕیاری کەرەنتینکردنی سەرتاسەری لە ئەمریکا بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا، ڕایگەیاند، ئاماری گیان لە دەستدان بە کۆرۆنا لە وڵاتەکەی ژمارەی کوژراوانی ئەمریکی لە ھەردوو جەنگی جیھانی و جەنگی ڤێتنام و ١١ی سێپتێمبەریشی تێپەڕاندووە.