زیدان پەشیمان نییە لە پێکھاتەکەی یارییەکە

2021-05-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
زینەدین زێدانی راھێنەری یانەی ریاڵ مەدرید دڵتەنگی بە شکست بەرامبەر بە چێڵسی دەربڕی و ئاماژەی بەوەشدا پەشیمان نییە لەو پێکھاتەیەی یاری پێکردوە و دوپاتیشی کردەوە سەرنجیان لەسەر بەدەستھێنانی خولی ئیسپانیا دەبێت.

زیدان دوای یارییەکە وتی، دەتوانین بڵێین چێڵسی شایەنی سەرکەوتن بوو، ھەوڵی زۆرماندا بەڵام لە کۆتایی ئەوان شایەنی سەرکەوتن و گەیشتن بوون بە یاری کۆتایی.

وتیشی، لە قۆناغی پێش کۆتایی یاریمان کرد، یاریزانان ئامادەبوون بۆیە دەبێت شانازیان پێوە بکەین چونکە ھەوڵماندا و تەنھا ھەنگاوێک لە یاری کۆتایی دوور بوین، چێڵسی بە ئاستی زۆر بەرز دەرکەوت بۆیە پێویستە پیرۆزباییان لێ بکەین.

سەبارەت بە ھۆکاری شکستەکەش رایگەیاند، لەم یارییە لە رووی ھێرشبەرییەوە باش نەبووین و ھەلی گۆڵکردنمان بۆ نەرەخسا، بە پێچەوانەی چێڵسی ھەلی زۆری ھەبوو، ئێستا پێویستە پشوو بدەین و بیر لە خولی ئیسپانیا بکەینەوە.

سەبارەت بە داھاتوشی وتی، دڵنیام ریاڵ مەدرید جارێکی تر رکابەری لەسەر چامپیۆنس لیگ دەکاتەوە، نامەوێت ئێستا باسی داھاتووم بکەم چونکە تەنھا چوار یاریمان ماوە و دوای ئەوە سەیر دەکەین چی رودەدات.

لە کۆتایشدا وتی، ئێمە ئێستا دڵتەنگین، چونکە لە پێش کۆتایی دەدۆڕێین ناکرێت دڵخۆش بیت، ئەمە ساتێکی قورسە بەڵام بە بەھێزی دەگەڕێینەوە.